تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە سەردەشت برینداربوونی دوو کۆڵبەری لێ‌کەوتەوە

15:24 - 5 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی تەقە کردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە سەختی بریندار کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ هەینی ٥ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری سەردەشت، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران درانە بەردەسڕیژی گوللە و لە ئاکامدا ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە سەختی بریندار بوون.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە \"کۆسەرەت مامەند\" تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"دۆڵەتوو\"ی سەردەشت و حوسێن\" تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"گەردەنە\" ڕاگەیەندراوە.

بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە باری تەندروستیان باش نییە و حوسێن تەمەن ٢٥ ساڵ بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"قەڵادزێ\" لە هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە.

دەوترێ، کوڵی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، \"گوێز\" بووە و لە لایەن هێزە نیزامییەکان جێگر لە پاسگای دۆڵەتوو، تەقەیان لەو دوو کۆڵبە کوردە کردووە.

هەروەها هێزە حکوومەتییەکان دوو سەر ئەسپی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەیان کوشتووە.