تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەتی لە کۆڵبەران دوو کوژراو و دوو برینداری لێ کەوتەوە

14:00 - 25 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ‌هێزە حکوومەتییەکان لە ناوچەی سەڵماس و سنووری وڵاتی تورکیە، چوار کۆڵبەری کوردیان دایە بەر دەستڕیژ و لە ئاکامدا دوو کەس لە کۆڵبەران کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندان، دوو کۆڵبەر لە ناوچەی سەڵماس بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکان کوژران.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی\"خوسرەو کازمی\" تەمەن ٤٢ ساڵ کوڕی ئیسماعیل و \"داریووش پاشایی\" تەمەن ٣٥ ساڵ ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، خوسرەو کازمی خێزاندارو خاوەنی پێنج منداڵە و هەروەها داریووش پاشایی خێزاندارو خاوەنی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی خۆڕخۆڕەی شاری سەڵماس ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە شاخی\"هەرەول\" کە دەکەوێتە نێوان سنووری ئێران و تورکیە، دەکەونە بەر هێڕشی هێزە نیزامییەکانی پاسگای\"واری گارسۆ\" کە سەر بە گوندی\"کۆزەڕەش\"ی ناوچەی سەڵماسە و لە ئاکامدا گیانیان لە دەست دا.

هەروەها لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"ئازاد عەلیزادە\" خەڵکی گوندی \"دێرک\" بە سەختی بریندار دەبێت و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی فارس مامەدی خەڵکی گوندی\"وەڕک\" لە لایەن ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر دەکرێت.

ئەو سەرچاویە لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە ئەو کۆڵبەرانە باری سیگاریان پێ بووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ئەم سێ حەوتوویەی دواییدا، ١٣ کۆڵبەری کورد بە هەرەسی ڕنوو و هەروەها تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوون یان گیانیان لە دەستداوە.

ساڵانە زیاتر لە سەدان کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو، سەرما و سۆڵە، کەوتنە خوار لە بەرزاییەکان و راوەدوونانیان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، گیانیان لە سەر سنوورەکانی کوردستان لەدەست دەدەن، کە زۆرترینی ئەو حاڵەتانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بووە.