تەقینەوەی گولـلە تۆپێکی بەجێماو، ٦ کوژرا و برینداری بنەماڵەیەکی لێ کەوتەوە

14:37 - 15 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گوندە سنوورییەکانی شاری جوانڕۆ، بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە گولـلە تۆپە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵە، ٦کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو، بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە گولـلە تۆپە بەجێماوەکان لە گوندی \"شێخ سڵە\" لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، ٦ ئەندامی بنەماڵەیەک کوژران و بریندار بوون.

\"\"جەلیل فەلاح
شوناسی کوژرا و برینداربووەکانی ڕووداوی ئەو تەقینەوە، بریتین: \"جەلیل فەلاح\" کوژراو، \"پیرۆزە\"، \"بەهارە\"، \"زوهرە\"، \"خەلیل\".

کوژراو بریندارەکانی ئەو بنەماڵە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی حەزرەتی ڕەسووڵ لە شاری جوانڕۆ کراون.

بەپێی ئەم هەواڵە، یەکێکی دیکە لە کچەکانی بنەماڵەی فەلاح بە سەختی بریندار بووە، بەڵام شوناسی هەتا ئێستە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەقینەوەی ئەو گولـلە تۆپە، بووەتە هۆی ئەوەی کە خانوبەرەی ئەو بنەماڵە و چەند بنەماڵەیەکی دیکە زیانیان بەربکەوێت.

یەکێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری جوانڕۆ ڕای گەیاند: خانووەکەی ئێمە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا، ڕووخابوو، ئێمە لە حاڵی دەرهێنانی بنەوای خانوو بووین، کە ئەو ڕووداوە ڕووی دا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: ماوەیەک پێش لە کاتی دەرهێنانی بنەوای ئەو خانووە، ئەو گولـلە تۆپە دۆزرابووەوە و ئەو بنەماڵەش بۆ ئەوەی کە کێشەیەکیان بۆ ساز نەبێت لە شوێنی جلوبەرگدوورینیان دانابوو، کە بە هۆی دەستکاریەوە ئەو ڕووداوەی لێ کەوتەوە.

ڕووداوی تەقینەوەی ئەو گولـلە تۆپە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ساڵێکە سەرپەرەستی ئەو بنەماڵەیە کۆچی دوایی کردووە و دایکی ئەو برینداربووانە سەرپەرەستیی ئەو بنەماڵەیەی لە ئەستۆ بووە.