تەقینەوەی گاز لە ناوچەی سەقز ٧ ئەندامی بنەماڵەیەکی کردە قوربانی

16:11 - 2 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی گاز لەیەکێک لە ئاواییەکانی ناوچەی گەورکی سەقز، ٧ ئەندامی بنەماڵەیەک کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی خاکەلێوە، لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بەناوی مستەفا ئینگیجە، خەڵکی گوندی گەردیگلانی سەربە شاری سەقز بەهۆی تەقینەوەی گاز گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لەو رووداوەدا ٦ ئەندامی دیکەی ئەو بنەماڵەیە بە توندی بریندار بوون و ٤ کەسیشیان بەهۆی قوڵیی برینەکانیانەوە رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی ئەو ٤ کەسە ٥٠ هەتا ٦٠%ی جەستەیان تووشی سووتان بووە و ئەو رووداوەش بەهۆی ناستانداردیی کەرسەی گازی هاتۆتە ئاراوە.

زۆرترین رووداوەکانی تەقینەوەی گاز و گازگرتوویی لە ئێران بەهۆی کەرەسە ناستانداردەکانی گازەوە دێنە ئاراوە و ساڵانە دەیان هاووڵاتی بەو هۆیەوە دەبنە قوربانی، کە ئەمەش راستەوخۆ بۆ ناستاندارد بوونی کەرسە گازییەکان و کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی چاوەدێری بەسەر کارگەکانی بەرهەم هێنانی کەرەسە و ئامێرە گازییەکان، لەوڵاتی ئێران دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئوستانی کوردستان، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی مانگی رێبەندانی ئەو ساڵە، ٢٢ هاووڵاتیی کورد لە ئوستانی کوردستان بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە، کە لە کۆی گشتی ئەو رێژەییە ٦ کەسیان ژن و ١٦ کەسیان پیاو بوون.

وێنە: محەمەد باژین

\"18968.jpg\"

\"18969.jpg\"