تەقینەوەی گاز لە قەڵاتکە‏ڕەشکە کوژراوێک و چەند برینداری لێ‏کەوتەوە

21:40 - 11 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولێکی گازەوە لە گوندی قەڵاتکەڕەشکە، هەڵکەوتوو لە ٧٠ کیلۆمیتریی شاری سنە، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ گیانی لەدەست داوە و ٥ کەسی دیکەش برینی قورسیان هەڵگرتووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیرنا، نیوەڕۆی ڕۆژی سێ‏شەممە١٠ی خاکەلێوە، لە گوندی قەڵاتکە‏ڕەشکە، لە نزیکەی ئاوایی حەسەن‏ئاوای سەر بە شاری سنە، بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولێکی گازی پیکنیکی، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەیەک بە توندی بریندار بوون و ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵەش لەو بنەماڵەیە بە نێوی \"بەهیە مەولایی\" گیانی لەدەست داوە.

حەمید ئەحمەدی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە بە هەواڵدەریی ئیرنای ڕاگەیاندووە کە؛ ئەم تەقینەوە بە هۆی دزە کردنی گاز لە کەپسوولێکی گازی پیکنیکەوە ڕووی داوە. ناوبراو قیرتاو نەبوون و دژواریی جادەوبانی ئەو گوندەی بە هۆکاری درەنگ بەدەنگەوەهاتنی یەکە یەرمەتیدەرەکانی فریاکەوتن زانیوە، کە بەو هۆیەوە هەنووکە باری تەندرووستیی هەندێ لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شاری سنە ناجێگرە.

گوندی قەڵاتکە‏ڕەشکە وەکوو زۆربەی گوندەکانی پارێزگا پەڕاوێزخراوەکانی ئێران و لەوانە کوردستان، لە سیستمی ڕاکێشانی بۆریی گاز بێبەرییە و ئەوە لەکاتێکدایە کە هەنووکە زۆربەی شار و گوندەکانی نزیک لە ناوەندی ئێران، بۆریی گازی شلەمەنیی بۆ ڕاکێشراوە.