تەقینەوەی گاز لەمەهاباد ٩ كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

13:50 - 17 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی تەقینەوەی گاز لەشاری مەهاباد ٢ مێرمنداڵ گیانیان لەدەست دا و ٧‌ی دیكەش بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئێوارەیی رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١٦‌ی بانەمەڕ لەگەڕەكی شەهرەك و كۆڵانی ئەفلاتوون، بینایەك بەهۆی \"نەشت\"‌ی گازەوە تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە دوو مێرمنداڵی تەمەن ٩ و ١١ساڵان گیانیان لەدەست داوە.

هەواڵنێری كوردپا لەشاری مەهاباد ناوی دوو كەس لەقوربانیانی كەماڵ ئەرتەنگ تەمەن١١ ساڵ و دیلان ئاتەش زەبان تەمەن ٩ ساڵ، راگەیاندووەو هاوکات ٧ مێرمنداڵی دیكە بە توندی بریندار بوونە.

لەنێو قوربانیاندا دوو مێرمنداڵی كچ وەبەر چاو دەكەون.

ئەو مێرمنداڵانە لەكاتی تەقینەوەی بیناكە لەكۆڵانی ئەفلاتوون سەرقاڵی یاری كردن بوون و بەهۆی رووخانی دیواری بیناكە تووشی ئەو رووداوە بوونە.

دەگوترێت شوێنی ژیانی ژنێكی بەساڵاچوو بووە و لەكاتی تەقینەوەكەدا لەماڵ نەبووە و هۆكاری تەقینەوەكەش \"نەشت\"‌ی گاز و ناستاندارد بوونی ئاوگەرمكوون راگەیەندراوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش لە گەڕەكی \"گردە سوور\"ی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقینەوەی گازی شاری، حەوت ئەندامی بنەماڵەیەكی كورد تووشی برینداری هاتبوون.

لەو رووداوەدا ئەو حەوت كەسە نزیك بە ٣٠%ی جەستەیان تووشی سووتان هاتبوو، کە سەرجەم كەلوپەلی ناو خانووەكەشیان بە تەواوەتی لە ئاگردا سووتابوو.