تەقینەوەی کەپسوولی گاز گیانی ٢ هاووڵاتی کوردی ئەستاند

01:45 - 12 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ٢ ئەندامی بنەماڵەیەک لە شاری کەنگاوەر بە هۆی رووداوی گازەوە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار دایک و کوڕێکی دانیشتووی گەڕەکی \"پاشاخانی\"ی شاری \"کەنگاوەر\" بە هۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز گیانیان لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو تەقینەوە بە هۆی ناستاندارد بوونی کەپسوولی گازەوە هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامدا ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی \"گوڵێ تاجەدینی\" تەمەن ٧٠ ساڵ و کوڕەکەی خۆی بە ناوی \"شەمسەدین تاجەدینی\" تەمەن ٥٠ ساڵ بونەتە قوربانی.

ساڵانە بە هۆی ناستاندارد بوونی کەرسە گازییەکان و کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی چاوەدێری بەسەر کارگەکانی بەرهەم هێنانی ئەو کەرسانەدا دەیان هاووڵاتی تووشی کارەسات دەبن.

ئەوە لە کاتێک دایە تەنیا لە ماوەی ٦ مانگی یەکەم ئەمساڵ لە وڵاتی ئێران زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتی بەهۆی رووداوی گازەوە گیانیان لەدەست داوە.