تەقینەوەی کەپسوولی گاز لە کەنگاوەر ٦ برینداری لێکەوتەوە

17:29 - 27 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی پیک ‌نیکی گاز لە شاری \"کەنگاوەر\"ی سەربە ئوستانی کرماشان ٦ کەس بریندار و رەوانەی نەخۆشخانە کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٥ی رەشەممە، بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی پیک نیکی گاز لە نێو ماڵێکدا لە شاری کەنگاوەر، ٦ کەس بەتوندی بریندار بوون و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی هیچکامیان نەزانراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای رایگەیاند، کە ٣ کەس لەو بریندارانە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کراون و دواتر زانراوە کە ئەو ٦ کەسە لە کاتی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان تووشی ئەو رووداوە بوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شاری کەنگاوەر بەهۆی کێشەی لە کەرەسەکانی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگر، نەیتوانیوە ئاگر کەوتنەوەی بەرئەنجامی تەقینەوەکە کۆنتڕۆڵ بکات.

بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێــران، لە سەرەتای سالی ١٣٨٠ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، ٢٨ هەزار و ٩٩١ کەس بەهۆی رووداوی سووتانەوە گیانیان لەدەست داوە.