تەقینەوەی کەپسوولی گاز ، بووە هۆی بریندار بوونی دوو کەس لە شاری بانە

13:52 - 4 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی تۆڕی بێهداشت و دەرمانی شاری بانە ڕایگەیاندووە کە \" تەقینەوەی کەپسوولی گاز لە ماڵێکدا، بووەتە هۆی بریندار بوونی دوو کەس لە شاری بانە\".

\"حامید مەنسووری\"ڕایگەیاندووە کە ؛\" تەقینەوەی کەپسوولی گاز لە نێو ماڵێکدا لە بلواری مەرزبانان لە شاری بانە ، دوو برینداری لێ کەوتووەتەوە و بە دوای ئەم ڕووداوەدا بە خێرایی چارەسەری دەرمانی بۆ ئەم دوو کەسە کراوە و هەردووکیان بۆ نەخۆشخانەی \"سەلاحەدین\" لە شاری بانە گوازراونەتەوە\".

بەرپرسی تۆڕی بێهداشت و دەرمانی شاری بانە هەروەها ڕایگەیاند کە ؛\" ئەم دوو کەسە لە بەشی سەر و دمەچاویانەوە تووشی سووتاوی بوون \".

هەر لەم پەیوەندیەدا، لە شاری پیرانشاریش، هەواڵێک سەبارەت بە نەشتی گاز لە ماڵێکدا بڵاوکراوەتەوە کە بووەتە هۆی بریندار بوونی دوو کەس و سەدا شەستی ماڵەکەش خەساری لێ کەوتووە.

ئەم کارەساتانە، هەموو ساڵێک بە گەیشتنی وەرزی سەرما لە ناوچە کوێستانییەکاندا بە تایبەیت کوردستان، بەهۆی نەبوونی ئیمێنی لە کەلوپەلە گەرم کەرەوەکاندا، ڕووداوی گیانی و ماڵی لێ دەکەوێتەوە.