تەقینەوەی مین کۆڵبەرێکی دیکەی لە سنووری "شووشمێ" کردە قوربانی

11:03 - 3 رەشەمه 2721

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەرکان مەحموودی" تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی "بارام" و خەڵکی گوندی "میرعەولـ"ـی بەخشی باینگانی پاوە، بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە بەرزاییەکانی سنووری شووشمێ لە نەوسوود بە سەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بەهۆی بەرکەوتنی مین لاقی ڕاستی بە سەختی بریندار بووە.

ئەرکان مەحموودی بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

سنووری شووشمێ لە پارێزگای کرماشان بە مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان تەندراوە کە زۆرجار کۆڵبەران و هاووڵاتییان لەو ناوچەیە دەبنە قوربانیی مینە کۆنەکراوەکانی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "یاسر (مەنسوور) سەحرایی" تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی گوندی "کۆڵەسە"ی شاری جوانڕۆ، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود بریندار ببوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عوسمان بەدری" خەڵکی گوندی "وانیسەر"ی شاری سەلاسی‌باوەجانی، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود پێکرابوو.