تەقینەوەی مین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

20:42 - 1 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مین لە شاری ئەیوان سەر بە پاریزگای ئیلام، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی ئەو شارە کردە قوربانی.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ٣٠ ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ئەیوان، لە کاتی کار کردن لە نێو مەزرا و مووچەدا بە هۆی تەقینەوەی مینێکەوە کوژراو و بریندار بوون.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری فەرماندەی ئینتزامیی شاری ئەیوان بڵاوی کردەوە کە، ئەو ڕووداوە لە ناوچەی \"ڕەوان\"ی شاری ئەیوان ڕوویداوە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لەو دوو جوتیارە کوردە لە کاتی تەقینەوەی مینەکەدا بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەش لەو ڕووداوەدا بریندار بوو.
ئەو هەواڵدەرییە شوناسی ئەو دوو جوتیارەیان بڵاو نەکردووەتەوە.

پێشتریش بە هۆی ڕووداوی تەقینەوەی مین جووتیارێکی کورد لە شاری قەسری شیرین لە کاتێکدا خەریکی کشت و کاڵ بوو لە نێو مووچە و مەزراکەیدا بە توندی بریندار بوو.

ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە چێنراوەکان دێتە ئەژمار و بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، بە شێوەی نێوەنجی ڕۆژانە سێ کەس لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییە بەجێماوەکان لە شەڕی ئێران و عێراق، دەبنە قوربانی.