تەقینەوەی مین چوار کۆڵبەری مەریوانی کردە قوربانی

21:40 - 3 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان، چوار کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٣ی خەرمانان، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان، چوار کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە کوژران و بریندار بوون.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە و بریندارانە \"ناسر\" خیزاندار و کوڕی سدیق خەڵکی گوندی \"ئیساوڵێ\" ڕاگەیاندراوە.

هەروەها شوناسی برینداربووەکان \"ئیقباڵ\" کوڕی ئەحمەد\"، \"ئیبراهیم\" کوڕی \"محەممەد\" و \"مەنسوور\" کوڕی \"مەجید\"، ڕاگەیەندراوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان کردبوو، کە تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە و هەروەها برینداربووەکانی ئەو ڕووداوە، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پێنجوێن لە هەرێمی کوردستاندان.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کاتژمێر ٩ی بەیانی، ڕۆژی هەینی ٢ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەیووب نیک‌زاد\"، کوڕی \"عەتا\"، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو و ڕوانەی نەخۆشخانە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران لە ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی سڤیل، کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنووری شاری مەریوان هەوڵی چاندنی مینی داوە.