تەقینەوەی مین لە ئیلام هەتا خنکانی هاووڵاتییەک لە سەردەشت

20:58 - 11 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لەکارمەندانی ئیدارەی \"هەڵگرتنەوەی مین\" لە ئیلام، لەکاتی خاوێن کردنەوەی کێلگەیەکی مین لە یەکێک لە ناوچەکانی ئەو شارە، لاقێکی خۆی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ، کارمەندیکی ئیدارەی هەڵگرتنەوەی مین بەناوی \"عەلی دارابی\" لەکاتی پاک کردنەوەی کێڵگەیەکی مین لە یەکێک لە ناوچەی \"چیلات\" کەوتۆتە سەر مینی دژە نەفەر لاقێکی خۆی لەدەست دا.

سەرچاویەکی نزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئوستانی ئیلام کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە عەلی دارابی پێنجەمین ئەندامی بنەماڵەکەیەتی کەلە کاتی خاوێن کردنەوەی کێڵگە مینەکانی ئوستانی ئیلامدا تووشی کەمئندامی بووە.

لەلایەکی دیکەوە و یەکێک لە کرێکارانی بەنداوی تایبەت بە دروست کردنی بەرق لە شاری سەردەشت بەهۆی کەوتنە نێو ئاوی چۆمی کەڵوێ (زاپ) گیانی لەدەست داوە.

ماڵپەڕی \"ناوەندی هەواڵ\"ی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵە وەک بەشی تەکنیک لەو بەنداوە سەرقاڵی کار کردن بووە کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٩ی بانەمەڕ لەکاتی کار کردندا کەوتۆتە نێو ئاوی چۆمی \"کەڵوێ\" و لە ئەجامدا بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی.

تەرمی ئەو کرێکارە کوردە سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، پاش ٤٨ کاتژمێر لەلایەن کارمەندانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی سەردەشتەوە دۆزراوەتەوە.