تەقینەوەی مین لە کۆنە پایەگایەکی بۆکان

20:53 - 25 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مینەوە، لاوێکی بۆکانی ئەگەری کوێر بوون و کەمئەندام بوونی لە ئارادایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتی کار کردن لە زەویە چێندراوەکانی چەوەندەر، بە هۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە نزیک ئەو شارە، بە سەختی بریندار بوو.
ناسنامەی ئەو لاوە کوردە فەردین شابازی کوڕی سەعدی ڕاگەیەندراوە.

ئەو لاوە تەمەن ١٧ ساڵەیە، لەکاتی کارکردن و لە گوندی \"سەراو\'\'ی شاری بۆکان، لە لای هەر دوو دەستی و چاوێکی بە سختی بریندار بووە و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی ئەو شارە کراوە.

هۆکاری ئەو ڕووداوە بە؛ \"گواستنەوەی خاکی پایەکایەکی کۆن بۆ ناو مەزراو مووچە\" و \"زەربەلیدان لەو مینە\" ڕاگەیەنراوە.

بە وتەی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی تۆڕی بێهداشت و دەرمانی شاری بۆکان؛ \"سەختی برینەکەی ئەو لاوە کوردە بە ڕادەیەکە، کە دەبیت یەکێک لە چاوەکانی دەبهێنرێت و هەر دوو دەستی ببڕدرێتەوە.

هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئیرنا، ڕووداوێکی لەو چەشنەی لە شاری بۆکان بە \"دەگمەن\" ناوزەد کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە؛ دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی پاوە و مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

بڵاو کردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە کوردستانی ئێران لە کاتێکدایە کە؛ لە دانیشتنی ٢٨ـەمین کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤ لە شاری ژنێڤ، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێشنیاری هەڵگرتنەوەی ئوسوولیی مین لەلایەن وڵاتی بۆسنی وهێرزێگۆینی قەبوول کردووە؛ بەڵام پاش تێپەڕینی یەکساڵ بە سەر قبووڵ کردنی ئەو پێشنیارەدا، هیچ چەشنە باشتربوونێک لە بارودۆخی ناوچە مینڕێژکراوەکان لە کوردستان نابیندرێ.