تەقینەوەی مین لە پیرانشار قوربانیی لێ‌کەوتەوە

22:07 - 17 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی ٢٨ ساڵ بەسەر شەڕی ٨ ساڵەی ئێران_عێراق، ماوە ماوە هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکان دەبنە قوربانیی مینە بەجێماوەکانی ئەو شەڕە.

هاووڵاتییەکی تەمەن ٣١ ساڵەی خەڵکی شاری پیرانشار، بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییە سنوورییەکانی ئەو ناوچەیە، لاقی لە قولەپاوە لەدەست داوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە قوربانییە بە \"حوسێن مەولود خانی\" کوڕی ئیبراهیم ڕاگەیەنراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ئەو مینە لە ناوچەی سنووریی \"کانی خوا\" چێنراوە و ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی جۆزەردان تەقیوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کاسبکارە، هەنووکە لە نەخۆشخانەی \"خومەینی\" لە شاری پیرانشار لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

حەوتووی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردان، لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری سەردەشت، سێ برا بوونە قوربانی.
ڕووداوی گوندی \"ئاڵواتان\" مردنی دوو کەس و بریندار بوونی کەسێکی دیکەی لێ‌کەوتەوە.

حەوت شاری پارێزگای ورمێ لەگەڵ تەقینەوەی مین و دیکەی کەرەستەی بەجێماوی جەنگیی سەردەمی شەڕی ئیران و عێراق بەرەوڕوون.

\"عەلیزادە\" نوێنەری ناوەندی \"مین زدایی\" لە پارێزگای ورمێ ،لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی‌دا، لە بارەی خاوێن کردنەوەی ئەو ناوچەیە لە هەر جۆرە مین و مادەی تەقینەوە (uxo)، بە تۆمەتگەلی\"گەندەڵیی ماڵی و دزی\"، مەحکووم و لە کۆتایی‌دا ڕەوانەی زیندان کرا.

ناوبراو پاش ماوەیەک لە زیندان، بەهۆی سەلماندی بێتاوانی خۆی، ئازاد کرا و دۆسیەکەشی لە دادگا کۆتایی پێهات.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.