تەقینەوەی مین لە نێوەڕاستی مەهاباد قوربانیی لێ‏کەوتەوە

15:25 - 8 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە شاری مەهاباد بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی مەهاباد، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، حەوتی خاکەلێوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین‏دا، لاقێکی بریندار بووە.

تەقینەوەی ئەو مینە لە کاتی خاوێن کردنەوەی شەقامی ساحلیی ئەو شارە‏دا ڕووی‏داوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە تاکوو ئێستا بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام هەواڵدەریی حکوومەتیی \"ئیرنا\" سەبارەت بە تەقینەوەکە ڕایگەیاندووە؛ \"مینەکە هی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران ــ عراق بووە\".

بریندارەکەی ئەو تەقینەوەیە لە نەخۆشخانە ڕاگیراوە و پولیسیش دانی زانیاری وردی بۆ پاش لێکۆڵینەوەکان وەدوا خستووە.

تەقینەوەی مین لە نێو شاری مەهاباد لە کاتێکدایە کە مەودای ئەو شارە تا سەرسنوور، زیاتر لە ١٥٠ کیلۆمیترە.

پێشتر و لە سەرەتاکانی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، جووتیارێکی خەڵکی گوندی \"گردەڕەش\"ـی سەربە مەهاباد، دوو مینی لەنێو کێڵگەکەی خۆیدا دۆزیبووەوە.

ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە؛ لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، ٣٦ هاووڵاتیی کورد بەهۆکاری تەقینەوەی مین و دیکەی کەرەستە بەجێماوەکانی جەنگی ئێران و ئێراق، بوونەتە قوربانی، کە ١٢ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.