تەقینەوەی مین لە ناوچەی "شەرهانیـ"ـی شاری دێهلۆڕان کوژراوێک و دوو برینداری لێ کەوتەوە

12:08 - 24 گەلاوێژ 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەک بە ناوی "عەلی ئەکبەری"، خەڵکی دێهلۆڕان، بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی "شەرهانیـ"ـی ئەو شارەدا گیانی لەدەست داوە و دوو هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوونە.

بەپێی هەواڵنێری کوردپا لە دێهلۆڕان، لەو ڕووداوەدا یەکێک لە برینداربووانی تەقینەوەکە بە ناوی "ناسر خودایی" تووشی برینێکی سوک بووە و برینداربووەکەی دیکەش بە ناوی "مەهدی جەوادی"، خەڵکی دێهلۆڕان، هەر دوو لاقی قرتاوە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاندووە: "ئەو سێ کەسە لە فەرمانبەرانی ناوەندی پوچەڵکردنەوەی مینن".

ناوبراوان بەهۆی تەقینەقەی یەک تیر مینی دژە نەفەری "والمێر"، تووشی ئەو ڕووداوە بوونە.

سەرۆکی ناوەندی فەورییەتە پزیشکییەکانی دێهلۆڕان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "مێهر" ڕایگەیاندووە: "هێلیکۆپتێری ئورژانسی ئاسمانیی پارێزگا و هەروەها ئامبوڵانسێکی ئورژانس، ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون".

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٩، سەرجەم ٣٥٨ کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و کەرەستەکانی شەڕ لەنێوان ئێران و عێراقدا.