تەقینەوەی مین لە سنووری حاجی عومران، کەمئەندامبوونی کۆڵبەرێکی لێ کەوتەوە

16:08 - 18 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری حاجی عومران_تەمرچین لاقێکی لە دەست دا و بۆ ناوەندی دەرمانی گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"هیوا\" کوڕی عەلی تەمەن ٢٦ ساڵ لە نزیک سنووری تەمرچین_حاجی عومران، بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست داو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی چۆمان لە هەرێمی کوردستان کرا.

\"\"ئەم کۆڵبەرە کوردە هەنووکە لە نەخۆشخانەی چۆمان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستی ناوبراو جێگیر ڕاگەیاندراوە.

قەیرانە ئابوورییەکان لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بەتایبەت لە ناوچەی سنوورنشینەکان، هاووڵاتییانی کوردی ناچار کردووە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری بکەن، کە سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، سەرما و سۆڵە و تەقینەوەی مینە پووچەڵنەکراوەکانیش گیانی کۆڵبەران دەخنە مەترسییەوە.

بەپێی ئامارەکانی بەردەست، هەنووکە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ناوچە سنوورییەکان (پارێزگاکانی سـنە، ئورمیە، کرماشان، ئیلام و خووزستان) بوونی هەیە.