تەقینەوەی مین لە باشووری ئیلام ٢ هاووڵاتی کوردی بریندار کرد

14:20 - 25 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئیلام، ٢ هاووڵاتی خەڵکی دێهلۆران بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە و یەکشەممەی ئەم حەوتووە لە ٢ تەقینەوەی جیاوازدا، ٢ هاووڵاتی کوردی خەڵکی دێهلۆران بریندار بوون.

ڕووداوی ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمە لە ناوچەی \"عەین خۆش\" سەر بە بەشی موسیان ڕووی داوە کە تێیدا کەسێک بەناوی لەتیف عەلی یارم فالفالوو، ٣٨ ساڵە و کوڕی سوحبەتوڵا بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژێک دواتر مێهدی خۆرسانیان خەڵکی ناوچەی \"چەم هێندی\" سەر بە دێهلۆران بە ڕووداوێکی هاوشێوە بریندار بوو.

ماڵپەڕی \"مین و زندگی\" ڕایگەیاندووە بریندارانی ئەم دوو ڕووداوە خەڵکی کۆچەری ناوچە بوون.

بەپێی ئامارە نیوەفەرمییەکان، لە ساڵدا ١٠ هاووڵاتی کورد لە پارێزگای ئیلام دەبنە قوربانی تەقینەوەی مین و ئاسەوارەکانی شەڕی ٢٧ ساڵ پێشی ئێران وعراق.

ئەم پارێزگایە ١ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار هێکتار زەوی چێندراو بە مینی شەڕی ٨ ساڵەی هەیە.