تەقینەوەی مین قوربانیی لێ‏کەوتەوە

22:12 - 26 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: مینە بەجێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران_عێراق، بووە هۆی بریندار بوونی پیاوێکی بانەیی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە، پیاوێکی پێ لە تەمەن، خەڵکی گوندی \"نێروان\" لە بەخشی ئارمەردەی شاری بانە، دەکەوێتە سەر مین و بەو هۆیەوە لاقی چەپی لەدەست دەدات.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە خۆجێییەکان، ئەو پیاوە بۆ کۆکردنەوەی ڕووەکە دەرمانییەکان دەچێتە یەکێک لە شاخەکانی دەوروبەری ئەو گوندە و لەکاتی گەڕانەوەدا تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت.

بە هۆی بارینی باران و هەستانی سیڵاو و داماڵینی خاک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەرجارە ڕێژەیەک لە مینە بەجێماوەکان لەژێر خاک دەردەکەون و دەبنە هۆی خەساری گیانیی هاوڵاتییان.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٥ هاووڵاتیی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستان، بوونەتەوە قوربانیی تەقینەوەی مین.