تەقینەوەی مین بوو بە هۆی قرتاندنی هەر دوو دەستی مێرمنداڵێک

21:21 - 22 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: شارە سنوورەییەکانی پارێزگای سنە کە بە هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە بە مین چێندراوە و هەتا ئێستا بە تەواوەتی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵە خاوێن نەکراوتەوە، ماوە ماوە بریندار یان کوژرانی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەی لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕ،لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەوڵاوا مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان هەر دوو دەستی لە دەست دا.

شوناسی ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٢ ساڵەیە \"شایان فەرەجی\" خەڵکی گوندی \"ژنێن\" ڕاگەیەندراوە.

ماڵپەڕی \"زرێبار خەبەبر\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٢ ساڵەیه دانیشتووی شاری سنەیە و دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، لە ڕێگای نێوان مەریوان_سنە لە نزیک گوندی \"پێچوێن\" سەر بە ناوچەی \"کەڵاتەرزان\" لە کاتی ئیتسراحەت کردن چەند میترێک دوور لە بنەماڵەکەی مینەکەی پێدا تەقیەتەوە و هەر دوو دەستی و هەروەها چاوێکی لە دەست داوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە، شایان فەرەجی گوێی و هێندێک لە لەشی بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینە بریندار بووە.

سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دیسان تاوانی ئەو شەڕە دەدەن و ماوە ماوە هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی کۆنەکردنەوەی مینە بەجێماوەکان دەبنە قوربانی.

پارێزگای کوردستان ٢٢٧ کیلومێتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.