تەقینەوەی مین بوو بە هۆی قرتاندنی لاقی هاووڵاتییەکی کورد لە بانە

13:30 - 22 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران_ عێراق لە سنووری شاری بانە، هاووڵاتییەکی کورد لاقێکی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢١ ڕەزبەر، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری بانە هاووڵاتییەکی لاو بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو لاوە کوردەی بە\"نەجمەدین قادری\" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی مەجید ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو: ئەو لاوە تەمەن ٢٨ ساڵەیە خەڵکی گوندی\"دەشتێ\" لە شاری بانەیە.

ئەو ڕووداوە لە سنووری\"سارداوی\" شاری بانە ڕوویداوە.

دەوترێ، ئەو لاوە کوردە بە هۆی کاریگەر بوونی تەقینەوەی مینەکە لاقێکی لە دەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەنوکە بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکان گوازراوەتەوە و لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە.

حەوتووی ڕابردوو، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕاپۆرتێکی شیکاری_ئاماریدا، ئاماری قوربانیانی مین لە سەرەتای نیوەی یەکەمی ئەمساڵی خستەڕوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراوە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە ٢٣ کەسی بەرکەوتووی مین ٣ کەس کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لینکی پەیوەندیدار:
لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٣ هاووڵاتیی کورد بوونەتەوە قوربانی مین