تەقینەوەی مین بوو بە هۆی بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد

20:58 - 16 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت، کۆڵبەرێکی کورد لاقێکی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت لە سنووری\"دۆڵەبی\"ی کەوتووەتە سەر مینە چێندراوەکانی سەر سنوور و لە ئەنجامدا یەکێک لە لاقەکانی خۆی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە \"خدر مەولانی\" خێزاندار و تەمەن ٤٣ ساڵ خەڵکی گوندی \"قەلەڕەش\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی قووڵ بوونی برینەکەیەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ گواستراوتەوە و لە ژیر چاوەدێری پزیشکی دایە.

شاری سنووری سەردەشت یەکێکە لە شارەکانی کوردستانی ئێرانە، کە بە هۆی هاوسنووریی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق زۆرترین مینی تێدا چێنراوە.

ساڵانە لە ئاستی جیهاندا زۆرترین هاووڵاتییان، کە زۆربەیان خەڵکانی مەدەنی بە ئەژمار دێن بە هۆی خاوێن نەکردنەوەی مینە چێندراوەکان کەمئەندام دەبن یان گیانیان لە دەست دەدەن.