تەقینەوەی مینی سوپای پاسداران لە ناوچەی شنۆ هاووڵاتییەکی کردە قوربانی + وێــنه

21:16 - 23 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی چێندراوی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی شنۆ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵ بەتوندی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان کەسێک بەناوی مستەفا عەبداڵ بەگ کوڕی جەلیل و خەڵکی ئاوایی بێمزورتێ لە ناوچەی شنۆ، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی ‌هێزەکانی سوپای پاسداران، لاقێکی پەڕیوەو چاوێکی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نزیک پایەگای سوپای پاسداران لە ئاوایی بێمزورتێ کەوتۆتە سەر مینی چێندراوی ئەو هێزانە.

\"18341.jpg\"
مستەفا عەبداڵ بەگ، بەهۆی تەقینەوەی مین، لاقێکی پەڕیوەو چاوێکی لەدەست داوە
سەرچاوەکە گوتیشی؛ مستەفا عەبداڵ بەگ بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە و لەو نەخۆشخانەیە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ بەناوی دانا یووسفی، کوڕی شێخ موراد و خەڵکی سەرپێڵ زەهاو، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست داو تووشی کەمئەندامی بوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە سەرەتای وەرزی زستانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بریندار و کەمئەندام بوون، کە لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢ کەسیان کۆڵبەر بوونە.