تەقینەوەیەک لە ئابدانان ٢ کوژراو برینداری لێکەوتەوە

15:45 - 11 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقینەوەی ماددەی تەقەمەنی لە ناوچەی ئابدانان، ٢ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵەی کورد کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی خەرمانان لە ئەنجامی تەقینەوەی ماددەی تەقەمەنی لە دینار کێوی سەربە شاری ئابدانان مێـرمندالیکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی \"نەسروڵڵا سەیدی\" دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

هەر لەو رووداوەدا هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"موجتەبا جامتیر\" بە توندی بریندار بووە و بۆچارەسەریی برینەکانی رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئابدانان کراوە.

ئوستانی ئیلام ٤٣٠ کیلۆمیتــر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی ئێــراق هەیە، کە دەیان کیلۆمیتر لە ناوچە سنوورییەکانی ئوستانی ئیلام بەهۆی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان وڵاتی ئێــران و ئێــراق لەلایەن هەر دوو لایەنی شەڕەکەوە مین‌ڕێژ کراون و هەتا ئێستاش ئەو مینانە هەڵنەگیراونەتەوە و بەو هۆیەوە ساڵانە دەیان هاووڵاتیی کورد دەبنە قوربانی.

هەروەها بەپێی ئامارێک کە چەن رۆژ پێش ئێستا بڵاو کرایەوە، لە ساڵی ١٣٨٤ـەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بە گشتی ٨١٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ئیلام، مێهران و دێهلوران بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕی ئێران و ئێراق بریندار و کەمئەندام بوون.