تەقینەوەیەک لەپادگانی مەریوان لانیکەم دوو قوربانیی لێکەوتەوە

15:25 - 26 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی نارنجەک لە پادگانی ئەرتشی مەریوان دوو فەرماندەی نیزامیی و ژمارەیەک سەرباز بە توندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٤‌ی بانەمەڕ تەقینەوەی نارنجۆکی دەستی لەپادگانی ئەرتش لەشاری مەریوان لانیکەم دوو برینداری لێکەوتەوە.

تەقینەوەکە لەکاتێکدا رووی داوە، کە ژمارەیەک لە فەرماندە نیزامییەکانی قەرارگەی ناوچەیی \"غەرب ئەرتش\" سەرقاڵی بەسەرکردنەوەی ئەنباری تەقەمەنییەکان بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو پادگانی مەریوانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو نارنجۆکەدا دوو فەرماندەی ئەرتش بەناوەکانی \"ستوان یەکەم حەیدەرییان و ئوستوار دووهەم مەحموود بەیگی تووشی برینداری هاتوون.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، ئەو دوو فەرماندە نیزامیە رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە کراون و هاوکات لەگەڵ ئەو تەقینەوەیە ژمارەیەک سەربازیش بریندار بوونە.

ئەو پادگانە سەر بە لەشکری ٢٨‌ی پیادەیە و لەچەند ساڵی رابردوودا بە هۆی پەرەگرتنی شار و شارنشینی کەوتۆتە گەڕەکەکانی دارسیرانی ٢ و ٣ و لەچەند رۆژی رابردوودا تیرهاوێژی ئەو پادگانە ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی لێکەوتبوویەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەر ناوچە سنوورییەکانی ئوستانی کوردستان شایەتی مانۆڕی هێزە نیزامیەیکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوو، کە ئەو مانۆڕە بە مەبەستی \"هەڵسەنگاندنی توانای هێزە مەشق پێکراوەکان\" رێکخرابوو.

قەرارگای غەرب لەبەشێک لەئوستانەکانی کرماشان، هەمەدان، کوردستان و ئیلام هەڵکەوتووە و کەسێکی نیزامیی بەناوی مەنووچێهر کازمی فەرماندەی گشتیی ئەو ناوەندە نیزامییەیە.
\"19972.jpg\"