تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی‏دا ڕووی داوە

14:35 - 24 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سێ ڕۆژی ڕابردووی شارۆچکەی تووزخورماتوودا، لانیکەم ١٨ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونتەوەوە، ڕۆژی ڕابردوو لە پارێزگای سەلاحەدین، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ناوەندیی عێراق، لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەو شارە کۆ بوونەوە.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممەی حەفتەی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر، هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دوای ئەوەی لە بازگەیەکی هێزی پێشمەرگە لە شاری تووزخورماتوو ڕاگیران، تەقەیان لە پێشمەرگەکان کرد.

ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە ڕاگیرانی هاتوچۆی لە جادەی بەغدا بۆ کەرکووک و باقی شارەکانی هەرێمی کوردستانی لێ‏کەوتەوە.

میدیاکانی باشووری کوردستان ڕۆژی ڕابردوو ڕایانگەیاند کە، وەزیری بەرگریی عێراق، جێگری وەزیری نێوخۆ، ئەندامانی فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکانی پەرلمان و نێردراوی تایبەتی د. فواد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراق، لە بینای لەشکری ١٦ی هێزی پێشمەرگە، بۆ چارەسەری ئەو کێشانە کۆبوونەتەوە.

سەرەڕای ئەوە، بەڕێوەبەری ناحییەی تووزخورماتوو، ئەندامێکی ڕێبەریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسێکی پێشمەرگەش لەو دانیشتنەدا بەشدارییان کردبوو.

سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، هادی عامێری، فەرماندەی \"حەشدی شەعبی\" بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو قەیرانە، چووە بۆ پارێزگای سەلاحەدین.

میدیاکانی هەرێمی کوردستان باسیان لە بەشداریی بەرپرسێکی ئەمنیەتیی ئێران بەناوی \"ئیقباڵی\" لەو دانیشتنەدا کردووە.

حەشدی شەعبی \"بەسیجی خەڵکی\" ڕێکخراوێکە کە دوای دەستبەسەردا گرتنی بەشێک لە خاکی عێراق لە لایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، لە لایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە دامەزرا و دواتر چەکدار کران.

ماڵپەڕی \"خەندان\" بە پشتبەستن بە سەرچاوە نافەرمییەکان ڕایگەیاندووە کە لەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا، هەتا ئێستا ١٨ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها، لەو پەیوەندییەدا ٢٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار و ٦٠ هاووڵاتی کوردیش لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بە بارمتە گیراون.

لە دوو شەو پێشەوە خانووی زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی کورد، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێ‏بەردراوە و بنەماڵەکانی دیکەش هەڕەشەی هێرشی هاوشێوەیان لێ‏کراوە.

پێکهاتەی حەشیمەتی شاری تووزخورماتوو، پێکهاتووە لە سێ نەتەوەی کورد، عەرەب و تورکەمەن کە زیاترین پشکی بەر تورکمەنە شێعەکان کەوتووە.

دوابەدوای هێرشەکانی ١٥ مانگ بر لەئێستای داعش، ئەم شارە کوردستانییە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە و خوازیاری گەڕانەوەی فەرمیی ئەو شارە بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون.