تێکهەچوونی نێوان هێزە نیزامییەکان و هاووڵاتییان دوو کوژراو برینداری لێکەوتەوە

15:36 - 17 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێـزەکانی سپای پاسداران لە خاڵی سنووریی رەجەوی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی لە کاتی تێکهەچوون لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد، ئەندامێکی سپای پاسداران کەوتۆتە بەر ماشێن و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی رۆژی رابردوو پاسدارێکی خەڵکی باکووری ئێــران لە کاتی تێکهەچوون لەگەڵ هاووڵاتییان و کاسبکارانی سەر سنوور، بەهۆی کەوتنە بەر ماشێن گیانی لەدەست داوە و هاوکات سەربازێکیش بە توندی بریندار بووە.

دوەگوترێت کە دوابەدوای ئەو رووداوە چەندین هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ناوی \"جەوهەر رەمەزانی، سالار خودامورادی، عەدنان بارامی، عومەر بارامی و جەماڵ مورادی\" بە هەواڵنێری کوردپا گەیشتووە.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو مەئموورانەی سپای پاسداران لە کاتی هێرش بۆسەر هاووڵاتییان، دەستیان بە تەقە کردووە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە هاووڵاتییان بە مەبەستی دەرباز بوون لە تەقەی ئەو هێـزانە، بە ماشێن شوێنەکە بەجێ بهێڵن کە بەو هۆیەوە ئەو ئەندامەی سپای پاسداران بە هۆی کەوتنە بەر ماشێن گیانی لەدەست داوە.

دەگوترێت کە هێزەکانی سپای پاسداران چەندین ماشێنی هاووڵاتییانیان زەوت کردووە و هاوکات ئەو ناوچە بە هێــزێکی زۆری نیزامی میلیتاریزە کراوە و سەرجەم جموجۆڵ و هاتووچۆی هاووڵاتیانیان بەربەست کردووە.