تێرۆری میکۆنووس، مەحکوومکردنی ئێران بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی"
ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی خەرمانان، ٢٩ ساڵ بە سەر تێرۆری دوکتورسادق شەرەفکەندی سکرتێری ئەو کاتی حدکا، فەتاح عەبدولی نوێنەری ئەم حیزبە لە ئورووپادا، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حدکا لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی تێدەپەرێ.
ئەو ڕووداوە لە شوێنێکدا لە ڕێستۆرانتێک بە ناوی "میکۆنووس" لە شاری برلین ڕووی دا و بەرنامەی ئەو تێرۆرە کە دواتر لەلایەن دادگایەک بە ناوی "میکۆنووس" لە وڵاتی ئاڵمان، سەلمێندرا کە بڕیاری ئەو تێرۆرە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە، لە ڕێگای ژمارەیەک لە دەستوپەیوەندییەکانیان، ئەنجام بدرێت.
دادگای میکۆنووس لە ماوەی٣ ساڵ، ٢٤٧ کۆبوونەوە و شایەتیدانی ١٧٦ کەسی لەسەر دۆسیەی تێرۆری میکۆنووس ئەنجام دا و حکوومەتی ئێرانی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" مەحکووم کرد.
حوکمی دادگای میکۆنووس لە مانگی دێسامبری ١٩٩٨ بەتەواوەتی مسۆگەر بوو و بەرپرسانی ئێرانی لە باڵاترین ئاستدا لە دۆسیەی تێرۆری میکۆنووسدا مەحکووم کران.
دواتریش و لە ١ی بانەمەڕی ١٣٨٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠ی ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٤، لە شوێنی ڕێستۆرانی میکۆنووس (کە هەنووکە ئەو شوێنە داخراوە) تابلۆیەکی لە قوربانییانی تێرۆری میکۆنووسی ڕوونوێنی کرد.
لەسەر ئەو لەوحەدا نووسراوە: "لەم شوێنەدا، شوێنێک کە پێشتر ڕێستۆرانتی میکۆنووس بووە، لە ڕێکەوتی ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢ی زایینی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، دوکتور سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هومایوون ئەردەڵان و هەروەها سیاسەتمەداری نیشتەجێی شاری برلین، نووری دێهکوردی، لەلایەن بەرپرسانی ئەو کاتەی ئێران تێرۆر کران، ئەوان گیانی خۆیان لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ لە دەست دا".