كتێبێك لەبارەی فەرهەنگی كوردانی خوراسانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی

14:16 - 12 پووشپەڕ 2712
كوردپا: كتێبی \"دەزگیرانی و زەماوەند لە فەرهەنگی کورداندا\" كە پێوەندیی بە فەرهەنگ و داب و نەریتی هاوسەرێتیی كوردانی خوراسانەوە هەیە، وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو بەرهەمە بۆ یەكەم جار لەلایەن \"ئارام تیگریس\"ـەوە لە ساڵی 1991 لە وڵاتی سوئێد بە زمانی كوردی چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

كتێبی \"دەزگیرانی و زەماوەند لە فەرهەنگی کورداندا\" لەم دواییانەدا لەلایەن عەباس فەرهادی توپكانلوو یەكیك لە نووسەرانی كوردی خوراسانەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.
\"5070.jpg\"
ناوەرۆكی ئەم كتێب لەبارەی فەرهەنگ، داب و نەریت و رێورچەی دەزگیرانی، زەماوەند و فەرهەنگی كۆمەڵایەتیی كوردانی نیشتەجێی خوراسان و بەتایبەت تایفەی ناوداری \"توپكانلو\"وە نووسراوە.

وەرگێڕی ئەو كتێبە رایگەیاندووە، بە مەبەستی ئاگادار بوون و وشیاركردنەوەی نەوەی ئەمڕۆی كوردانی خوراسان لە بنەچە و ریشە و رەچەڵەك و داب و نەریتی خۆیان ئەو كتێبە كراوەتە فارسی.
\"5069.jpg\"
كتێبی دەزگیرانی و زەماوەند لە فەرهەنگی کورداندا ساڵی 1391 لە 124 لاپەڕە و لەلایەن چاپەمەنیی \"عمو علوی\"ییەوە 3 هەزار دانەی لێ‌ چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا كوردانی خوراسان لەبارەی فەرهەنگی، ئەدەب و كۆمەڵایەتییەوە گەلێك كتێب و بەرهەمیان چاپ و بڵاو كردۆتەوە.