تیمی هەندباڵی ژنانی سنە قوربانیی کەمتەرخەمیی بەرپرسان

14:26 - 27 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕاهێنەری تیمی هەندباڵی ژنانی شارەوانیی سنە، کەمتەرخەمی سەبارەت بە وەرزشی پارێزگای سنەی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان لە سڕینەوەی ناوی تیمی هەندباڵی ژنانی پارێزگای سنە لە سووپێر لیگی وڵات لەقەڵەم دەدات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، \"نەشمین شافێعیان\"، سەبارەت بە سڕینەوەی ناوی تیمی شارەوانیی سنە لە کێبڕکێکانی سووپێرلیگی وڵات ڕایگەیاندووەکە؛ \"ئەگەر شارەوانیی سنە بەتەمای پاڵپیشتی کردن لە تیمی هەندباڵی ئەم پارێزگایە نەبوو، باش وا بوو کە بەڵێن بە تیمی هەندباڵی ژنان نەدات، تا ئەم تیمەش بتوانن مشوورێکی دیکە بۆ خۆیان بخۆن\".

ناوبراو هەروەها گوتی؛ \"بەم کردەوەیە، ١٧ ساڵ تێکۆشان و چالاکیی من و وەرزشوانانی ئەم بوارە، چووەتە ژێر پرسیار و دەبێ بەرپرسان سەبارەت بەم کەمتەرخەمیە وەڵامدەر بن\".

ڕاهێنەری تیمی هەندباڵی ژنانی پارێزگای سنە، هەروەها ڕایگەیاند کە؛ \"پاش گەڕانەوەمان لە کێبڕکێکانی ئاسیا، لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ شارەوانیی سنە، لەلایەن بەرپرسان نرخێکیان بە ئێمە پێشنیار دابوو و بەڵێنیان پێداین کە پاش هاتنەوەمان لە کێبڕکێکانی ئاسیایی و بردنەوەمان لەم کێبڕکێانەدا و هێنانەوە پلەی یەکەم، بەڵێنەکەیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام هیچ پارەیەک بە دەستی ئێمە نەگەیشت\".

ئەم کەمتەرخەمیانەی بەرپرسان لە شارە کوردنشینەکان لە کاتێکدایە کە پارێزگا کوردنشینەکان ، پوتانسیەلێکی زۆر بەرز و بەنەرخی بۆ وەرزش بە تایبەت لە بەشی ژناندا هەیە. بەڵام بایەخی پێ نادرێت.