تیزاب پژاندن لە بانە قوربانییەکی لێکەوتەوە

14:20 - 22 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە رووداوێکی پژاندنی تیزاب لە بانە، ژنێکی کورد دەبێتە قوربانی و بە توندی بریندار دەبێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری بانە لەلایەن چوار کەسی نەناسراوەوە لە شەقامی کەمەربەندی هێرش دەکرێتە سەری و تیزابیان پێدا پژاندووە و بەشێکی بەرچاوی جەستەی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، شووناسی ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"ئەفسانە قوربانی\" تەمەن ٣٧ ساڵە راگەیاندووە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی پشتڕاست کردەوە، ئەم هاووڵاتییە کوردە ئێستا لە نەخۆشخانە شاری سنە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.

شەوی سێشەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ چوار کچ و ژن لە سێ رێیانی سەنگینی شاری بۆکان تێزابیان پێدا کرا و بە توندی بریندار بوون.

ئەم چوار ژنە کورد کە سەرقاڵی پیاسە بوون لەسێ رێیانی \"سەنگینی\" شاری بۆکان لەلایەن سەرنشینانی پرایدێکەوە تێزابیان پێدا کراوە.

دەروونناسان بارودۆخی بەرکەوتووانی تێزاب پژاندنەکان بە دوخی \" شبیە مرگ\" وەسف دەکەن، چوونکە ئەو پرسە باجی وەک لە ناوچوونی جوانی و لە داستدانی چاوەکان بە دوای خۆیدا دێنێت.