تیرۆری ٣ ژنە سیاسەتوان و کاردانەوەی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان

15:19 - 22 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ٢شەو پێش ئێستا له‌شاری پاریسی پایته‌ختی فه‌رانسە له‌ئه‌نجامی هێرشێكدا سێ ژنه‌ سیاسه‌تمه‌داری کوردی تورکیە لە باڵه‌خانه‌ی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی کوردستان تیرۆر کران.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ٣ ژنە سیاسەتوانی کوردی خەڵکی کوردستانی تورکیە بە ناوەکانی \"ساکینە جانسز\" یەکێک لە دامەزرێنەرانی PKK، فیدان دۆغان\" و \"لەیلا سۆیلەمەز\" چالاکی سیاسی، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە لە باڵەخانەی نووسینگەی کوردستان لە شاری پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕانسە تیرۆر کراون.

دوابەدوای ئەو تیرۆرە، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵای کردەوە، ئەو تیرۆرە کە بەمەبەستی سیاسیی ئەنجام دراوە، پێویستە شێلگیرانە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و هەروەها داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی تورکیە کرد لەمەڕ ناساندنی بکەران و دادگایی کردنی تاوانباران، هاوکاریی پێویستی پۆلیسی فەڕانسە بکەن.

دواتر مانۆئێل ڤاڵس، وه‌زیرى ناوخۆى فه‌ڕانسە کە سەردانی شوێنی کوژرانی کردبوو، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: \"ئه‌وه‌ رووداوێكى ساده‌ نییه‌، پۆلیس له‌ لێكولینه‌وه‌ى خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت، مرۆڤ ناتوانێت رووداوێكى به‌مشێوه‌یه‌ قبوڵ بكات\".

لەلایەکی دیکەوە \"بوله‌ند ئارینج\" وته‌بێژى حكومه‌تى توركیە ئەو رووداوەی‌ به‌ كارێكى \"تراژیدى\" وه‌سف کرد و گوتیشی\"ئه‌وان كوشتنى ئەو سێ چالاكوانه‌ مەحکووم ده‌كه‌ن و سه‌رەخۆشى له‌ کەس و کاری قوربانیان ده‌كه‌ین\".

پاشان \"سەفین دزەیی\" وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند: حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئیدانه‌ى هه‌رجۆره‌ توندو تیژییه‌ك ده‌كات و پێویسته‌ حكوومه‌ت و به‌رپرسانى ئه‌منیەتیی وڵاتى فه‌ره‌نسا له‌و رووداوه‌ بکۆڵنەوە.

هەروەها حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک پارت و رێکخراوی هەرێمی کوردستان ئەو کردەوە تیرۆرستییەیان مەحکووم کردووە و خوازیاری ئەوە بوون کە وەزارەتی نێوخۆ و دەزگا پێوەندیدارەکانی پۆلیسی فەڕانسە هەر وەک رایانگەیاندووە، لێبڕاوانە شوێن پێی تیرۆریستەکان هەڵبگرن و تەسلیمی دادگایان بکەن و بە بیر‌وڕای گشتیی جیهانیان بناسێنن.

تیرۆر کرانی ئەو ٣ کەسە لە کاتێک دایە، کە پێشنیاره‌كانی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سەرۆکی بەندکراوی PKK بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد ئاشكرا ده‌كرێت و دواتر دەوڵەتی تورکیە و عەبدوڵلا ئۆجەلان پاش ٣٠ ساڵ شەڕ و ئاڵۆزی لە سەر مەسەلەی کورد دانووستان دەکەن و لەهەمان کاتیشدا ئه‌حمه‌د تورك سەرۆکی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی، ریا ئۆمنێن روجتین، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی ئۆروپا پشتگیریان له‌ دانووستانی نێوان حكوومه‌تی توركیە و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان كردبوو.