تۆپباران کردنی شاهۆ بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان

21:01 - 27 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بەرزاییەکانی شاخی شاهۆی تۆپباران کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، تۆپخانەکانی سپای پاسداران بەرزاییەکانی شاخی شاهۆی لە نزیک گوندی \"شمشێر\" سەر بە شاری پاوە تۆپباران کرد.

لەو تۆپباران کردنەدا، خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ناوچەیە گەیشتووە و بووتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان دانیشتوانی گوندەکانی دەورووبەری شاهۆ.
هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، ٢٦ی خەزەڵوەر، سپای پاسداران بەرزاییەکانی شاخۆی شاهۆ لە نێوان شارەکانی ڕوانسەر و کامیاران، کردە ئامانجی تۆپخانەکانی خۆی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران هەوڵی تۆپباران کردنی شاخی شاهۆی داوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: بەشێکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران پاش تەواو کردنی مانۆڕی سپا، لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ جێگر کراون و دەستیان بە دروست کردنی پایگای نیزامیی نوێی دیکە کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سپای پاسداران، دەستی بە پچڕاندنی هێڵی موبایلی دانیشتوانی گوندەکانی دەرووبەری شاخی شاهۆ کردووە و هەروەها لە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ تەواوی تەلەفوونی گوندەکانی دەورووبەری بەرزاییەکانی شاخی شاهۆی پچڕاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سپای پاسداران لە تۆپباران کردنی شاخی شاهۆ چەکی نوێی بەکار هێناوە.

کوێستانی شاهۆ لە ٥٠ کیلۆمێتری سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەڵکەتووە.