تۆپباران کردنی شاخەکانی کۆساڵان خەساری بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند

17:00 - 27 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تۆپباران کردنی شاخەکانی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوا لە لایەن تۆپخانەکانی سپای پاسدارانەوە، بەشێکی بەرچاو لە ژینگەی ئەو ناوچەیە ئاگریان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، دارستانەکانی شاخی کۆساڵان سەر بە ناوچەی سەوڵاوا لە لایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران کرا و لە ئاگر دا سووتان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: سپای پاسداران بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەوڵی تۆپبارانی کردنی شاخەکانی کۆساڵانیان داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سپای پاسداران لە تۆپباران کردنی شاخەکانی کۆساڵان، کەڵکی لە تۆپەکانی ئاگردەر وەرگرتووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە بگەیەنێت.

بەدوای تۆپباران کردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن سپای پاسدارانەوە، دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ئاگردا سووتاون و هەوڵەکان بۆ کونتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە هەتا ئەمڕۆ سێ شەممە درێژەی هەیە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە کە بەشێکی بەرفراوان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کۆساڵانی لە خۆ گرتووە، لە لایەن ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان و ژینگەپارێزرانەوە کونتڕۆڵ کراوە.

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە لایەن کەسانێک سەر بە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتییەوە ڕوو دەدەن و بەو هۆیەوە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هیچ هەوڵێک بۆ کونتڕۆڵ و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە نادەن.