تۆپبارانی کردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپا درێژەی هەیە

21:40 - 15 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: تۆپخانەکانی سپای پاسداران جارێکی دیکە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق، کردە ئامانجی خۆی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی خەرمانان، تۆپخانەکانی سپای پاسداران جارێکی دیکە خاکی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کرد و زیان و زەرەرێکی زۆری بە ژینگەی هەرێمی کوردستانی گەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا، ڕایگەیاند: تۆپخانەکانی سپای پاسداران ناوچەکانی سیدەکان و چۆمانی بە خەستی تۆپباران کردوە و دەیان هێکتار لە لەوەڕگەی ئەو ناوچانە لە ئاگر دا سووتاون.

فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: \"تۆپخانەکانی سپای پاسداران لەو تۆپباران کردنەدا بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبە کراوتە ئامانج\".

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران، ناوچەی \"گوندە ژوور\"ی سەر بە شاری چۆمان و ناوچەی \"بەربەزین\"، لە سیدەکانیان تۆپباران کرد و خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچانە گەیانشدووە.

لە ئاکامی تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، دوو پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەکانی \"ڕەحیم ڕۆستەم داستان، خەڵکی شاری مەهاباد و \"ئیدریس دەروێشی\"، خەڵکی شاری پیرانشار گیانیان لە دەست داوە.