تۆپبارانکردنی بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ بەردەوامە

21:23 - 30 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران، جارێکی دیکە تۆپبارانکردنی بەرزارییەکانی شاخی شاهۆی دەست پێکردەوە و خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران چەند کەڕەت بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ لە نێوان شارەکانی کامیاران_ ڕوانسەری تۆپباران کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای کۆتایی هاتنی مانۆڕی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی شاهۆ، تۆپبارانکردنی ئەو ناوچەیە درێژەی هەیە و هەتا ئێستا هەوڵێکی جیددی بۆ پێشگرتن لە ناچوونی دارستان و ژینگەی ئەو ناوچەیە لە لایەن ناوەندە پەیوەندییەدارەکانەوە نەدراوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"دروست کردنی پایگای نیزامیی نوێ و ڕێگاکانی پەیوەندی لە لایەن سپای پاسدارانەوە خەسارێکی بەرچاوی بە بەشێک لە ژینگەی پارێزراوی شاخی شاهۆ گەیاندووە.

دەوترێ، سپای پاسداران بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، شاخی شاهۆی تۆپباران کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، سپای پاسداران مانۆڕێکی نیزامیی لە بەرزاییەکانی شاهۆ بە کەڵکوەرگرتن لە یەگانەکانی قەراگای حەمزە جێگر لە کوردستان، بەڕێوە برد.