تۆز و خۆڵ خەڵکی ئێلامی ‌هێنایە سەر شەقامەکان

16:16 - 30 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: پیس‌بوونی هەوا و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ناوەندگەرا لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران خەڵکی هێنایە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، خەڵکی ئیلام بە هۆی پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمیی چەندین ساڵەی حکوومەتی ناوەندیی ئێران لەهەمبەر هاتنی تۆز و خۆڵ بۆ پارێزگاکانی کوردستانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و لەبەردەم پارێزگاریی ئەو پاڕێزگایە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، خەڵکی ناڕازی بە دروشمدان و هەڵگرتنی پلاکارد، بەرپرسیارەتی بەرزبوونەوەی ئاستی مەرگ‌ومیر بەهۆی تۆز و خۆڵ، پەرەگرتنی نەخۆشییەکانی هەناسە و دڵ و لەناوچوونی ژینگەی پارێزگا و ناوچەیان خستە ئەستۆی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، هیچ کام لە بەرپرسانی حکوومەتیی لە پارێزگای ئیلام ئامادە نەبوون لەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەدا بەشدار و وڵامدەر بن و خەڵکیش بڕیاران داوە کە ئەو خۆپیشاندانانە درێژە پێ‌ بدەن.

ماوەی دو دەیەیە کە کێشەی تۆز و خۆڵ لە وەرزی گەرمادا ژیان و گوزەرانی خەڵکی پارێزگاکانی کوردستانی ئێرانی تێک داوە و حکوومەتیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرێت.

لەو پێوەندییەدا، چالاکانی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی و نووسەرانی کورد سەرەڕای ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەهەمبەر بە میدیایی نەکردنی ئەو کێشەیە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.