توێژەر و نووسەری كورد؛ دكتۆر "سۆران كوردستانی" كۆچی دوایی كرد

15:44 - 31 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: توێژەر و نوسەری ناسراوی کورد، دکتور \"سۆران کوردستانی\" بەهۆی نەخۆشییەوە مالئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەێشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٩ی خاکەلیوە نووسەر و توێژەری ناسراوی كورد \"بەهمەن فەریوەر\" ناسراو بە \"سۆران كوردستانی\" لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

دوكتۆر سۆران كوردستانی كوڕی مەزهەر ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی (١٩٥٥ی زایینی) لە گەڕەكی چوارباخی شاری سنە لەدایک بووە و لەدایكەوە یەکێک لە خزمانی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد مەردۆخ كوردستانییە.

\"12106.jpg\"
دوكتۆر سۆران كوردستانی كوڕی مەزهەر ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی (١٩٥٥ی زایینی) لە گەڕەكی چوارباخی شاری سنە لەدایک بووە و رێكەوتی ٢٩ی خاکەلیوە نووسەر و لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
ئەو توێژەرە کوردە خوێندنی لە شارەكانی سنە، كرماشان، مەشهەد، مەهاباد و تاران تەواو كردووە و لە رشتەی حقووقی دادوەریی زانستگەی تاران پلەی دكتۆرای وەرگرتووە و جیالە بواری زانستی و پسپۆڕیی خۆی لە بوارەكانی: ئیلاهیات، ئەدەب، ئایین و پزیشكیی و گیادەرمانیدا كەسێكی چالاك و دلسۆز بووە.

دكتۆر سۆران كورستانی یەک لەو دەگمەن كەسانە بوو كە لەبواری توێژینەوەی فەرهەنگی، زمانەوانی و مێژوو و ئایننی كوردساتندا زۆر كاری بەنرخی كردووە كەسیكی بەمشوور و پێشەنگی بواری فێركاریی زمانی كوردی و كۆكەرەوەی فۆلكلۆری رەسەنی كوردەواری بوو. دكتۆر سۆران كوردستانی بە زمانەكانی \"ئینگلیزی، عەرەبی، توركی، فارسی، زمانە كەونارا و كۆنە ئێرانییەكان (ئاڤیستایی و پالەوی) و هەموو زاراوەكانی كوردی ئاشنایەتی هەبووە و نووسین و لێكۆڵینەوەی هەیە. لە بواری ئێرانناسیدا كەسێكی پسپۆڕ و خاوەن را بووە.

لە بوارەكانی:
- خەڵكناسی و هۆز و عەشیرەكانی كورد و توێژینەوەی كوردناسی
- زمان و ئەدەب و بەڵگە مێژوویەكانی كوردستان
- توێژینەوەی زمانناسی و بەراوردكاری
- توێژینەوەی كۆمەڵناسی و فەرهەنگی
- ئامادەكار و بەرنامەسازی فەرهەنگی لە دەنگ و رەنگ و رادیۆ كوردیی مەهاباد و تاران چالاكیی هەبووە
هەتا كۆتایی ژیانی وێڕای چەشتنی زۆر ئازار و كوێرەوەری لە شاری مەهاباد ژیا و خزمەتی بە نەتەوەكەی كرد.

تەرمی سۆران كوردستانی نووسەر و توێژەری ناسراوی كورد رۆژی هەینی ٣٠ی خاكەلیوه (١٩ی نیسان) بە بەشداریی كۆمەڵێكی بەرچاو لە نووسەر و ئەدیب و كەسوكار و خەڵكی مەهاباد و سنە و دەوروبەری‌ له \"مقبره الشعرا\"ی مەهاباد لە ریزی شاعیرانی خوالێخۆشبوو: قادر لوتفیانی و مارف ئاغایی و ... تەسلیم به خاكی نیشتمان كرا.