توپبارانەکانی ڕێژیم هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکانی مەریوان ئەژمار دەکرێت

14:51 - 24 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە گەڵ هاتنی وەرزی گەرما، بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی شاری مەریوان لە ئاگردا سووتان.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێکی بەرچاو لە دارستانی \"چاڵی سوور\" و دەشتەکانی هەنگە ژاڵەو دەیمە جۆ\" سەر بەبەخشی سەر شیوی شاری مەریوان لە ئاگردا سووتان.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە لایەن هێزە خەڵکییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزیەوە کونتڕۆڵ و کوژێندرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ناوچانە لەلایەن پایگای گوندی\"گڵە\" تۆپباران کراوە و ئەو هەوڵەی نیزامییەکانی حکوومەتی بووەتە هۆی ئاگرگرتنی بەشێکی زۆری دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کاناڵی فەرمیی تێلێگرامی خۆیدا، ئەو ئاگرکەوتناوانەی بە\"تێکدەرانی ژینگە\" نیسبەت داوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی جۆزەردان، هەنگی سنووری لە سێ شوێنەوە لەوەڕگە و دارستانەکانی گوندی\"چۆمان\" سەر بە شاری بانەیان بە ئەنقەست ئاگر تێبەردا.

ئەو هەوڵەی هەنگی سنووری ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندی چۆمانی لێ کەوتەوە و لەو ڕاستایەدا دێهیار و شوڕای ئەو گوندە، نامەیان بۆ پارێزگاری سنە و فەرمانداری شاری بانە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان ناردووە.

دەوترێ، هەنگی سنووری پێشیان بە خەڵکی ئەو گوندە گرتووە، کە هەوڵی کونتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگریان داوە و دەستیان بە تەقەی هەوایی کردووە.

دانیشتوانی گوندی چۆمان داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی ئەو مەسەلەیان لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە کردووە.

هاووڵاتییانی کوردستان زۆرجار لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە: زۆربەی ئاگرتێبەردانەکان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان لە لایەن دەست و پەیوەندییەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکان ڕوو دەدەن و بەو هۆیەوە ناوەندە پەیوەندیدارەکان هیچ هەوڵێک بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرتێبەردانە نادەن.