توركیه‌/ لێدوانی پارێزه‌رێكی كورد بوو به‌ هۆی مردنی

20:43 - 7 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: كه‌سانێکی نه‌ناسراو له‌ دیاربه‌كر ته‌قه‌یان له‌ سه‌رۆكی ناوه‌ندی پارێزه‌رانی ئه‌و شاره‌ كرد و كوشتیان.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، پێش كاتژمێرێک، تاهیر ئیلچی له‌ پارێزه‌رانی پله‌به‌رزی كوردستان ته‌قه‌ی لێ كراوه‌ و فیشه‌كه‌كه‌ به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌ و كوژراوه‌.

ڕووداوی مردنی ئه‌م پارێزه‌ره‌ له‌ كاتی تێكهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ پۆلیس و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ڕووی داوه‌.
تا ئێستا دیار نییه‌ كه‌ پارێزه‌ر ئیلچی له‌ لایه‌ن چ كه‌سانێكه‌وه‌ كوژراوه‌.

ئه‌و له‌ كاتی مردنیدا ته‌مه‌نی ٥٠ ساڵ بووه‌ و خاوه‌نی ٢ منداڵه‌.

ڕاگه‌یه‌نه‌كانی توركیه‌ دژكرده‌وه‌یان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ پیشان داوه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ یاسای قه‌ده‌غه‌ كردنی هاتوچۆ له‌ پارێزگای دیاربه‌كر ڕاگه‌یه‌نراوه‌.

پێشتر تاهیر ئیلچی له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی \"سی ئێن ئێن\"ی توركی وتبووی كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ڕێكخراوێكی تیرۆریستی نییه‌ و له‌هه‌مبه‌ر قه‌ده‌غه‌بوونی چالاكیی ئه‌م حیزبه‌ له‌ توركیه‌ ڕه‌خنه‌ی توندی گرتبوو.

ڕۆژی ڕابردوو سی‏وحه‌وته‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیه‌ بوو.