تورکیە/ بنەماڵەی کوردێکی خۆرهەڵاتی دەستیان داوەتە مانگرتن

21:07 - 19 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: پەنابەرێکی سیاسیی خەڵکی ورمێ هاورێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دۆخی پەناخوازییان چەند رۆژێکە لە ئانکارا مانی بەکۆمەڵیان گرتووە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، پێنج کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی عەلی سەییدی، کوردی خۆرهەڵاتی کوردستان، بۆ ماوەی ٤ رۆژە لە بەردەم بینای نوێنەرایەتیی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیان داوەتە مانگرتنی بەکۆمەڵ.

ئەو پەنابەرە سیاسییە بۆ ٣ ساڵ دەبێ کە بە بنەماڵەوە لە هەرێمی کوردستان چووەتە وڵاتی تورکیە.

ناوبراو لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای وت: \"لایەنە پێوەندیدارەکانی پەنابەران لە تورکیە لە بەر هۆکارێک کە خۆیان ئەڵێن ئەمنییەتییە، شوێنی نیشتەجێ بوونی ئێمەیان لە چەندین شار گۆڕیوە\".

بە وتەی عەلی سەییدی، سەرەڕای ئیعتراز و سکاڵا لە ئیداراتی دەوڵەتی تورکیە، تا ئێستا داواکاریی ناوبراو بێ وەڵام ماوەتەوە و ئەوە چەند رۆژێکە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران لە ئانکارا هیچ کارێکیان بۆ نەکردووە.

حكوومەتی تورکیە جۆزەردانی ئەمساڵ یاسایەکی دەر کرد کە تێیدا هاتووە پەناخوازان دەبێ لە رێکخراوی هاوپێوەندی لەگەڵ پەنابەران و کۆچبەران(SGDD) ناونووسی بکەن.

ئەو پەنابەرەی خەڵکی شاری ورمێ، چەندین ساڵ ئەندامی چالاکی یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و زیاتر لە ٥ ساڵیش لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە.

سەبارەت بە دۆخی مانگرتنەکەیان، سەییدی رایگەیاند: \"گوزەرانی ژیانی خۆم و بنەماڵەم کولەمەرگییە و سەرەڕای کرێ خانوو، بەرپرسانی ئەمنی تورکیە چەندین شاریان هەر لە وان، دنیزلی و ... پێم گۆڕیوە و منیش ئیتر توانای ماڵیم نەماوە.

ڕادەستکردنەوەی کوڕێکی عەلی بە ناوی بێهنام بۆ حکوومەتی ئێران و بڕینەوەی حوکمی ١٣ ساڵ زیندان، بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەو پەنابەرە لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا بوو کە بە وتەی ناوبراو بە بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنیی لەپاش ١٥ مانگ زیندانی، ئازاد کراوە و ئێستا لەگەڵ خۆم، دایکی و ٢ برای دیکەی لە مانگرتندایە.

عەلی سەییدی کە بە ئەنجامدانی موساحبە، کەیسی پەنابەریەتییەکەی تەواو بووە لە کۆتاییدا باسی لەوەش کرد کە دۆخی بنەماڵەکەی و باقی بنەماڵە سیاسییەکانی کورد نالەبار و خرابە و ئەوەی لە تورکیە ماوەتەوە بە هۆی دەستکورتی نەیتوانیوە لە مانگەکانی پێشوودا بچێتە وڵاتی سێهەم و UNیش هیچ هەوڵێک بۆ دەربازبوونی ئەوان نادات.

وڵاتی تورکییە یەکەمین وێستگەی پەنابەرانی کورد، فارس، ئەفغان و پاکستانی بۆ ئورووپایە و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە ١٠ هەزار پەنابەری تێدایە کە ٥٠٠ کەسیان پەنابەری سیاسیی کوردن.

بە هەزاران پەناخواز لە تورکییە سەرەڕای ئەستاندنی پەنابەری لە نوێنەرایەتیی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەر زۆر هۆکاری ناڕوون پێش بە چوونیان بۆ وڵاتی سێهەم دەگیردرێت.

\"29147.jpg\"

\"29146.jpg\"