\"تندیس مهر\"‌ی مافی مرۆڤی ئەمساڵ دەبەخشرێتە هونەرمەند شارام نازری

14:33 - 5 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام دووەمین خەڵاتی \" تندیس مهر\"‌ی ئەمساڵ دەبەخشنە شارام نازری( شوالیە آواز)، هونەرمەند و گۆرانبێژی ناسراوی کوردی کرماشانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارام نازری لەلایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی دادگاکانی کرماشان و ئیلام بە مەبەستی پێدانی خەڵاتی \"تندیس مهر\" بۆ ساڵی ١٣٩٢ دەسنیشان کراوە.

بە وتەی بەرپرسی ئەو کانوونە، خەڵاتەکە بە مەبەستی رێزگرتن لەکار و بەرهەمە مافی مرۆڤییەکانی شارام نازری، دەبەخشرێتە ئەو هونەرمەندە کوردە.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەرییە ناوچەییەکانیش بڵاویان کردۆتەوە، رێوڕەسمی بەخشینی \"تندیس مهر\"‌ی مافی مرۆڤی ساڵی ٩٢ رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٠ی رێبەندان لەشاری کرماشان بەڕێوە دەچێت.

شارام نازری هونەرمەندی کورد لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین بەرهەمی بۆ هەژاران و ئەو کەسانەی کە نەخۆشی چارەسەر نەکراویان هەیە بەڕێوە بردووە.

لە ماوەی رابردوودا چەیندین کۆنسێرتی بە مەبەستی دابیتن کردنی تێچووی چارەسەریی کچە قوتابیانی شیناوێ‌، \" گولەکانی گوندی بەسرێی مەهاباد\"، کۆنسێرت بۆ تووشبوانی شێرپەنجە و هەروەها کەسانی هەژار و دەسکورت بەڕێوەبردووە.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی کرماشان و ئیلام لەساڵی ١٣٩١وە بڕیاریان دا هەر سالەی خەڵاتێک لەژێر ناوی \"تندیس مهر\" ببەخشنە ئەو کەسانەی کە لەچوارچێوەی مافی مرۆڤدا خزمەت بە هاووڵاتیان دەکەن.

\"تندیس مهر\"‌ی یەکەم لەساڵی ٩١ ‌دا، لەلایەن ئەو کانوونەوە بەخشرابوویە پەرویز پەرەستوویی ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی و ئەمساڵیش تەندیسەکە دەبەخشرێتە شارام نازری.

شارام نازری ساڵی ١٣٢٨ی هەتاویی لەشاری کرماشان لەدایک بووە و بەهۆی ئۆگریی بە مۆسیقا و هونەر، قۆناغە ئەستەم و دژوارەکانی موسیقای بڕیوە و لەحاڵی حازردا لە بوارەکانی گۆرانیبژی، دانانی ئاواز، مامۆستای موسیقای ئێرانی و کوردی چالاکی هەیە.

شارام نازری کە بە \"شوالیە آوازی ایران\" ناسراوە لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا کەڵکی لەشێعرەکانی \"مەولانا\" وەرگرتووە.