تراژێدیای مەرگ لەپێناو بژیو و ژیاندا بەردەوامە

15:36 - 27 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری سەرسنووری پیرانشار بوونە قوربانیی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار، کرانە ئامانجی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کە لە ئاکامدا دوو هاووڵاتی لاو بە توندی بریندار بوون.

هەنگی سنووریی سپای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، تەقەی لە کاروانی کۆڵبەران کردووە.

لە ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپادا هاتووە کە؛ لەدوای برینداربوونی کۆڵبەران، خەڵکی ناوچەکە ئەم دوو هاووڵاتییەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری چۆمان لە هەرێمی کوردستان گواستۆتەوە.

یەکێ لە کۆڵبەرەکان بە ناوی سەلاح بۆرەکە، ٢٥ ساڵ، کۆڕی لوقمان، بەهۆی سەختیی برینەکانی مل و سەریەوە، پێش گەیشتن بە نەخۆشخانەی چۆمان گیانی لەدەست دا.

ناوبراو خەڵکی گۆندی \"سۆغانلوو\" لە بەخشی ناوەندیی پیرانشارە.

خورشید خوسرەوی ناوی ئەو کۆڵبەرەی دیکەیە کە ئێستا لە چۆمان چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت و ڕایگەیاندووە کە؛ \"هێزەکانی سوپای پاسداران لە شوێنێک بەناوی \"چیغەدەرە\" بۆسەیان بۆ داناوین و بە هۆی تەقەی ئەوانەوە، سەلاح لەدوای برینداری و لەترسی گیران، خۆی لەسەر بەردێک فڕێدایە خوارێ.\"

ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵی کوردپا باس لەوە دەکەن؛ دەیان ئەسپی کاسبکارانی کورد لەم بۆسەیەی سوپادا بە کۆشت چوون و هەموو کەلوپەلی کۆڵبەرانیش لەلایەن ئەوانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەمە چوارەمین کۆڵبەرە کە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا بە هۆکاری تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، گیان لەدەست دەدات.