تراژدی گیان لە دەستدانی کۆڵبەرانی کورد بەردەوامە

14:53 - 12 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کۆڵبەرانی کورد کە لە ناو بەفر و کڕێوەی سەرما، لە بەرزایی شاخەکانی شاری پیرانشارەوە گیری کردبووە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١١ ڕێبەندان، سێ کۆڵبەری کورد کە لە ناو بەفر و بۆران لە بەرزاییەکانی شاری پیرانشار گیریان خواردبوو، لە ئاکامدا یەکێک لەو سێ کۆڵبەرانە گیانی لە دەست دا.

\"\"
ئومید خزریان ئازەر
هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار لەو باریەوە ڕایگەیاند: ئومید خزریان ئازەر تەمەن ١٩ ساڵە خەڵکی شاری شنۆ، بە هۆی سەرما و کڕێوەی زۆرەوە گیانی لە دەستداە و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی مێهران دەرویش پوور تەمەن ١٩ ساڵە خەڵکی شنۆ و جەعفەر عەبداڵ میرئاوا تەمەن ٤٠ ساڵە خەڵکی گوندی جەڵدیان بریندار بوونە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری پیرانشار کراون.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، لە دوو ناوچەی جیاجیا لە شاخەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ٣ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"پەیام محەممەدی\" تەمەن ٢٣ ساڵ و \"داریووش شاکری\" تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی ناوچەی هەورامانی تەخت و هەروەها \"ناسر\" خەڵکی گوندی چەخۆر سەر بە شاری چاڵدێران بە هۆی هەرەسی ڕنوو گیانیان لەدەست دا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی\"قەرەدانی بێوارانی سەرێ\"ی سەر بە شاری سەردەشت تووشی هەرەس هێنانی ڕنوو ببوون و بەپێی دوایین ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، چوار کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە چارەنووسیان لەو ڕووداوەدا ناڕوونە.