تاوتوێكردنی بەرهەمەكانی \"ئەرسەلان چەڵەبی\" لەكۆڕێكی رەخنەیی شاری بۆكاندا

14:24 - 7 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: بنكەی فەرهەنگی و فێركاریی \"ئەدەب\" لە شاری بۆكان كۆڕێكی رەخنەیی و لێكۆلینەوەیی لەسەر بەرهەمەكانی ئەرسەلان چەڵەبی شاعیری ناسراوی كورد رێک دەخات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی ٧ی رەشەمە كۆمەڵە بەرهەمی ئەو شاعیرە نوێخوازە لەژێر ناوی \"هەوری خوێناوی مەستە كچێک\" لە هۆڵی كتێبخانەی پاركی میللەتی شاری بۆکان تاوتوێ‌دەكرێت.

\" هەوری خوێناوی مەستە كچێک\" سێیەمین بەرهەمی شێعری ئەرسەڵان چەڵەبییە و ٢٥ شێعری لە خۆ گرتووە و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوكراوەكانی \"هەرمان\" لەهەرێمی كوردستان لە ٧٢ لاپەرەدا چاپ كراوە.

ئەرسەلان چەڵەبی یەكەم بەرهەمی شێعری خۆی لەساڵی ١٣٨٨‌دا لەژێر ناوی \"سەمای سەرسامی\" بڵاو كردەوە.

ئەو كۆڕە رەخنەیی و لێكۆلینەوە لە كتێبی \" هەوری خوێناوی مەستە كچێک\" لەلایەن بنكەی فێركاریی و فەرهەنگی \"ئەدەب\" و بە بەشداری شاعیران، نووسەران و رەخنەگرانی شارەكانی بۆكان، سەقز، مەهاباد و بانە، بەڕێوە دەچێت.

كۆڕی فێركاری و فەرهەنگیی ئەدەب ـ بۆكان لە ساڵی ١٣٨٥ەوە دامەزراوە و بە یەكێک لە ناوەندە چالاكەكان لە بواری فێركاریی زمانی كوردی، رێكخستنی كۆڕ، سیمینار و بیرئانینی نووسەر و هونەرمەندانی كورد و بەتایبەت بەڕێوە بردنی كارگەی شێعر و چیرۆكی منداڵان بە شێوەی زانستی، دێتە ئەژمار.