تاوانەکانی سپای پاسداران لە سیستان و بەلووچستان بەردەوامە

15:18 - 18 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: لە سیستان و بەلووچستان سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەیەک بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران.

بەپێی ڕاپۆڕتی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران، هێزەکانی سپای پاسداران بە هاویشتنی مووشەکێک بۆ ماشێنی بنەماڵەیەک، بوون بە هۆی لە ناوچوونی سەرجەم ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بنەماڵەی سەهوویی لە ڕێگای گوندی چانێف سەر بە شاری ئیسپێک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەکرێنە ئامانج و هەموویان بە شێوەیەکی کارەساتبار لە ماشێنەکەدا دەسووتێن.

دوا بە دوای ئەو ڕووداوە، هێزەکانی سپای پاسداران بۆ پاساو هێنانەوە و تێکدانی بیروڕای خەڵک، دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ویدیۆیی کە ئەو بنەماڵە شەڕفرۆش و خرابکاران.

هەروەها هێزەکانی سپای پاسداران لەو گرتە ویدیۆییەدا چەند چەکێک پێشان دەدەن کە گوایە ئەو چەکانە هی ئەو بنەماڵەیە بووە.

بە وتەی شایەت حاڵەکان، کوژراوەکان بە تەواوەتی سووتاون و ناسینەوە و لێک‏جیاکردنەوەی تەرمەکانیان زۆر ئاستەم بووە.

سەرکوتی هاووڵاتییانی بەلووچ و پەیڕەوانی سوننی مەزهەبی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و ئەوە لە کاتێکدایە کە بە دەیان زیندانیی سیاسیی بەلووچ، لە زیندانی زاهێدان زیندانین و بەشێکیان لە ژێر حوکمی ئیعدام دان.