تاران/ لە لایەن مەئموورەکانی زیندانی ئێڤینەوە بێڕێزی بە خێزانی زیندانییەک کرا

15:03 - 9 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد لە زیندانی ئێڤینی تاران بەهۆی بێڕێزی بە خێزانەکەی لە لایەن مەئمورەکانی ئەو زیندانەوە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو خێزانی یەکێک لە زیندانیە کوردەکان لە زیندانی ئێڤینی تاران کە بۆ سەردان و چاوپێکەوتنی مێردەکەی بە ناوی ئۆمید شامورادیی سەنەندەجی چووبووە زیندانی ئێڤین، لەگەڵ هەڵسوکەوتی خراپی مەئموورەکانی زیندان بەرەوڕوو بووەتەوە.

ئەو زیندانییە کوردە بە هۆی نەبوونی دەرمان و پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی زیندان بە دۆسیەکەی دەستی دابووە مانگرتن و لە نامەیەکدا بۆ حاجیلوو، دادوەری دادگای پێداچوونەوەی زیندانی ئیڤین، ناڕەزایەتی خۆی لە هەڵسوکەوتی دوو کەس لە مەئموورەکانی ئەو زیندانەوە دەڕبڕیوە.

حەوتووی ڕابردوو خێزانی ئۆمید شامورادی بۆ سەردان و چاوپێکەوتن ڕۆیشتبوو بۆ زیندانی ئێڤین و لە لایەن دوو کەس بە ناوەکانی ئەکبەر و سەعدییەوە سووکایەتی پێ‏کراوە.

لە نامەی ئەو زیندانییەدا هاتووە سووکایەتی کردنی مەئموورەکانی زیندان بە خێزانەکەی بەشێوەی فیزیکی بووە و لە ڕێگەی کامێرا شاراوەکانەوە تۆمار کراوە کە لە بەرانبەر بنەماڵەی زیندانیانی دیکە ڕوویداوە.

ئۆمید شامورادی سەنەندەجی، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە بیانییەکان لە پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە لە زیندانی \"ئێڤین\"دایە و بۆ ماوەی ٧مانگ لە ژووری تاکەکەسی ٢٤٠ ڕاگیراوە.