تاران/ بەڕێوەچوونی رێورەسمی رێزگرتن لەقوربانیانی كیمیابارانی کوردستان

15:08 - 17 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارانی كوردی (ناوەندی ئەندێشە لەزانكۆی تاران) رێوڕەسمێكیان بە بۆنەی رێزگرتن لە قوربانیان و شەهیدانی كارەساتی شیمیایی بارانكردنی شارەكانی كوردستان بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی شەممە رێكەوتی ١٧ی رەشەمە و لە بەرەبەری ٢٧مین ساڵیادی كارەساتی دڵتەزێنی شاری هەڵەبجە، خوێندكارە كوردەكانی زانكۆی تاران رێزیان لەقوربانیانی كارەساتە گرت.

لەو كۆڕەدا چەندین كەسایەتی وەكوو دكتور مەسعوود بینەندە، دكتور جەلالی‌زادە دكتور قوتەبەدین سادقی بەشدار و بابەتیان پێشكەش كردووە.

بەستێنە مێژوویی و سیاسییەكانی روودانی كارەساتی ئەنفاڵ و هەڵەبجە، ئەرک و بەرپرسیاریەتی نەوەكانی پاش ئەنفاڵ لە باس و بابەتە گرینكەكانی ناو كۆڕەكە بووە.

لەپانێلێكی ئەو كۆڕە زانستییەدا باسە لەوە كراوە كە لۆژیكێكی هاوبەش لە زۆربەی كۆمەڵكوژییەكاندا دەكەوتە بەر چاو و باس لەوەش كراوە ئەم پرۆسەیە لە كۆمەڵگا فرە نەتەوەكاندا لە پولین بەندییەكی سەرەتاییەوە دەست پێدەكات و لە قۆناغەكانی سیمبۆلسازی و ئامادەسازیدا هەتا قۆناغی كوشتار و پاكتاوی رەگەزی دریژەی پێدەدریت.

لەبەشێكی دیكەی ئەو یادكردنەوەیەدا كورتە فیلمێك لەژێر ناوی \" هفت سنگ\" لە دەرهێنەریی فاتمە دەستگرد پیشانی بەشدارن دراوە و لە كۆتاییشدا ژمارە شاعیرانی لەكی بۆ وێنە ئەمیر و ئارەش ئەفزەلی لەكرماشانەوە شێعرییان پێشكەش كردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست ئاژانسی كوردپا گەیشتوون، نزیك بە ٧٠٠ كەس لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون و رێوڕەسمەكەش بە هاوكاریی كانوونی ئەندیشەی خوێندكارانی كوردی زانكۆی تاران بەڕێوە چووە.

هەروەها باس لەوە كراوە رێوڕەسمەكە بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو بە تەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی كانوونێكی خوێندكاریدا بووە و بەرنامە و ناوەڕۆكی كۆڕەكە بە تەاوەتی \" كوردی\" و هاوكات تێیدا پرسی كۆمەڵناسانە هاتۆتە بەر باس.

پێشتریش رێوڕەسمێكی هاوبەش لەلایەن كانوونی فەرهەنگی ـ كۆمەڵایەتی زاگرۆسەوە لەزانكۆی تەورێز بەڕێوە چووبوو.

\"25230.jpg\"

\"25231.jpg\"

\"25227.jpg\"

\"25226.jpg\"

\"25229.jpg\"