بە کوشت چوونی ٧ سەر ئەسپ و گرتنی ١٣ باری کاسبکاران

14:48 - 8 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هەنگی سنووری حکوومەتی ئێران، لە ناوچەی ئالانی سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کورد کرد و ٧ سەر ئەسپی کاسبکاران لەو دەستڕێژەدا بە کوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٧ی ڕەزبەر، بە تەقەی هەنگی سنووری لە ناوچەی ئالانی سەردەشت ٧ سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون و هەروەها ١٣ سەر ئەسپی کاسبکاران بە بارەوە دەستیان بە سەردا گیرا.

ئەو ڕووداوە لە شوێنێک بە ناوی \"بێندروێ\" لە پشت گوندی \"بێژوی\" ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت ڕووی داوە.

لەو دەستڕێژیەدا، ٧ سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون و هەنگی سنووریش دەستی بە سەر ١٣ سەر ئەسپی کاسبکاران بە بارەوە گرت.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێ دەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.